سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەنقەرە ناتوانێت بە بێ ڕەزامەندی و ڕەزامەندیی پێشوەختەی مۆسکۆ سیستەمی بەرگریی مووشەکیی S-400 بفرۆشێتەوە یان بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە.
لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە ناوەرۆکی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات کرد و جەختی کردەوە، بەرپرسانی تورکیا باش دەزانن کە بەپێی ڕێکار و بەندەکانی گرێبەستەکە، هەرجۆرە گواستنەوە یان فرۆشتنێکی ئەم سیستمە بەبێ ڕەزامەندیی فەرمیی ڕووسیا مەحاڵە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕوونیشی کردەوە، تاوەکو ئێستا لەلایەن تورکیاوە هیچ داواکارییەکی فەرمی لەسەر ئەم بابەتە پێشکەش نەکراوە و ئەوە لە ئێستادا ئەگەرێکی دوورە، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک ئەو کارە بكرێت، دەبێت وڵاتی سێیەم بۆ ڕووسیا دۆست و بەرپرسیار بێت، بە جۆرێک مۆسکۆ بە تەواوی دڵنیا بێت لەوەی کە سیستەمەکە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە.