لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نوێنەرانی 78 وڵات، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە ڕووسیا کرد کە بێمەرج و دەستبەجێ ئاگربەست پەسەند بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا وڵاتەکان پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکراینا دووپاتکراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر مەدەنییەکان و ژێرخانەکان زیادیان کردووە. لە هەمان کاتدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێرشەکانی سەر دەریای ڕەش ڕێگری لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکەن و ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەخەنە مەترسییەوە.
لای خۆیەوە ئاندرێ سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، لە کۆبوونەوەکەدا قسەیکرد و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئاشتیی دەوێت و دەبێت ڕووسیا هێرشەکانی کۆتایی پێبێنێت و بەشداریی لە دانوستانەکانی ئاشتیدا بکات.
لە نێو ئەو 78 وڵاتەی کە ڕاگەیەندراوەکەیان واژۆ کردووە، 27 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئیسرائیل، ژاپۆن و کۆریای باشوور، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتالیا، کەنەدا، ئوسترالیا، نەرویج و سویسرا هەن.