دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرد، بە ئامانجی دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر تاران.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس کە لە زاری دوو دیپلۆماتکارەوە بڵاو کراوەتەوە، پڕۆژەبڕیارەکە بە ٢٣ دەنگی بەڵێ، ٨ دەنگی نەخێر و چەند دەنگێکی بێلایەن پەسەند کرا، لە کاتێکدا وڵاتانی ڕووسیا، چین و نەیجەر دژی بڕیارەکە دەنگیان دا.
لە پەرچەکردارێکدا، تاران بڕیارەکەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە ئامانج لەم هەنگاوە گوشارخستنەسەر ئێران و سنووردارکردنی فرۆشتنی نەوتیەتی، و جەختی کردەوە کە ئامانجەکانیان هەرگیز بە بەکارهێنانی هێز و هەڕەشە ناگەنە ئەنجام. بە پێی بڕیارنامەکەش، داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە کراوە کە سەرجەم بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی پێشووی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بگوازێتەوە.