ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ بە ناوی "پەروین ئەڵڵادینی" لە شاری مەسجدسولەیمانی سەر بە پارێزگای خووزستان لە ئێران، لەبەردەم چاوی کچە تەمەن ١٢ ساڵانەکەیدا بە دەستی خوازبێنیکەرێکی پێشووی بە فیشەک کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕووداوەکە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦ لە گەڕەکی "هەشت بەنگلە" لە مەسجدسولەیمان ڕوویداوە. بکوژەکە کە ناوی "جیهانگیر. و"ـە، پێنج فیشەکی بە سەر، دەموچاو و گەردنی پەروینەوە ناوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
پاشخانی کێشەکە و هۆکاری کوشتنەکە
پەروین ئەڵڵادینی کە پێشتر لە هاوسەرەکەی جیا ببووەوە، لەگەڵ کچە تەمەن ١٢ ساڵانەکەیدا دەژیا و لە نووسینگەیەکی بیمەدا کاری دەکرد. بکوژەکە کە یەکێک لە کڕیارەکانی ئەو نووسینگەیە بووە، چەندین جار داوای هاوڕێیەتی و هاوسەرگیری لە پەروین کردووە، بەڵام هەمیشە لەلایەن پەروینەوە ڕەتکراوەتەوە.
تۆڵەکردنەوە دوای ئازادبوون لە زیندان
بەهۆی بەدواداچوون، بێزارکردن و هەڕەشە بەردەوامەکانی بکوژەوە، پێشتر پەروین ئەڵڵادینی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکردبوو، کە بەهۆیەوە بکوژەکە بۆ ماوەیەک زیندانی کرا. بەڵام تۆمەتبارەکە دوای ئازادبوونی لە زیندان، دەرگای ماڵەکەی پەروینی شکاندووە، چووەتە ژوورەوە و تاوانەکەی ئەنجامداوە. بکوژەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە.