عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران لە کاردانەوەیەکدا رایگەیاند، هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر بارەگاکەیان بێ وەڵام نامێنێتەوە و ئەنجامدەرانی ناتوانن لە تۆڵەی گەل و دادپەروەری ڕابکەن.
سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی ئەو ٩ پێشمەرگەیەی کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا (شەهید بوون) و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێرانی کرد.
عەبدوڵڵا موهتەدی ڕووی کردە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و ئەنجامدەرانی هێرشەکە و ڕایگەیاند: "رۆژی کۆتایی ئێوە نزیکە و ناتوانن لە تۆڵەی گەل ڕابکەن و بە توندی سزا دەدرێن". ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم جۆرە پەلامارانە ناتوانن کۆسپ لەبەردەم خەباتەکەیان دروست بکەن، بەڵکو بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان و لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەمێننەوە.