فازڵ میرانی دەڵێت سەرۆکوەزیران بۆ پارتییە و ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ نایانکات بە گەورەترین فراکسیۆن، تەنانەت حکومەتی عێراقیش بە بێ پارتی پێکنایەت.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارێکی میدیاکانی نزیک لە حزبەکەی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند، پارتی حزبی یەکەمە و ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ ناتوانێت بیانکات بە گەورەترین فراکسیۆن، چونکە گەورەترین فراکسیۆن دوای هەڵبژاردن دیاری دەکرێت نەک بە ڕێککەوتن.
ناوبراو لە بارەی هاوپەیمانیی یەکێتی و نەوەی نوێ و پێکهێنانی حکومەت ڕایگەیاند، نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو پێشتر گوتویانە بەشداریی پێکهێنانی حکومەت ناکەن، ئەگەر ئێستا نەوەی نوێ بەو ڕێککەوتنە بچێتە ناو حکومەت ئەوا دژی قسەی پێشتریان و نەریتیشە.
هەروەها لە بارەی پۆستی سەرۆککۆمار و پارێزگاری کەرکوکیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندیی پارتی و یەکێتی تەنها پۆستی سەرۆککۆمار نییە و پارتی نەیگوتوە دەبێت سەرۆککۆمار بۆ خۆیان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەق وایە کە پارێزگاری کەرکوکیش بۆ کورد بێت، بەڵام دەبێت پرسەکان بە کۆدەنگی کورد بن نەک ڕێککەوتنی ژێربەژێر.
فازڵ میرانی گوتیشی، بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستوەرگرتنە و بە مانای کشانەوە نایەت، ئێستاش چاوەڕوانن چوارچێوی هەماهەنگی کاندیدی سەرۆکوەزیران دیاری بکات، بەبێ پارتیش هیچ حکومەتێک لە عێراق پێکنایەت.