ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی "ئۆکسفام" بۆ نەهێشتنی نادادی و هەژاری لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، سەرەڕای پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆجییەکان، نایەکسانی و جیاکاریی ڕەگەزی دژی ژنان بەردەوام لە گەشەدایە و بڕبڕەی پشتی ئابووریی جیهان لە دابەشکردنی داهات و دەرفەتەکاندا پەراوێز خراوە.
بە گوێرەی زانیاری و ئامارەکانی ڕێکخراوی ئۆکسفام، ژنان 66٪ی هێزی کاری جیهانی پێکدەهێنن و زیاتر لە 50٪ی خۆراکی جیهانیش بەرهەم دەهێنن، بەڵام تەنیا 35٪ی کۆی داهاتی جیهانییان بەر دەکەوێت و کارەکانیان لە ماڵەوە و کەرتی خزمەتگوزاریدا وەک کاری فەرمی هەژمار ناکرێت و بێمووچەیە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، سەروەت و سامانی ژنان لە ئاستی جیهانیدا کەمتر لە نیوەی سامانی پیاوانە، بە جۆرێک دارایی تەنیا 22 پیاوی دەوڵەمەندی جیهان یەکسانە بە دارایی 780 ملیۆن ژنی کیشوەری ئەفریقا. ڕێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی یاسا جیاکارییەکان و بەربەستەکانی شوێنی کار، جیاوازییەکی قووڵی داهات دروست بووە کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زیاتربوونی هەژاری و سستبوونی گەشەی ئابووریی جیهان.