ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەستبەسەرکردنی هونەرمەندێکی لوڕ لە شاری شیراز پشتڕاست دەکەنەوە و ئاشکرای دەکەن، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە دەیان هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، (شەیدا سابری)، هونەرمەندی لوڕ، خەڵکی یاسوج و دانیشتووی شیراز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ زیندانی عادڵئابادی شیراز گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەم هونەرمەندە پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانی لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، چەند جارێک بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کرابوو، کەوتبووە ژێر گوشار و لێپرسینەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژیش دەستبەسەر کرابوو.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانیکەم 75 هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، کە ئەوەش ڕێژەی 64%ی کۆی دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگەی لە سەرانسەری ئێران پێکهێناوە.