نورەدین دەمیرتاش لە نووسینێکدا لە ڕۆژنامەی "ئۆزگور پۆلیتیکا" شیکاری بۆ پێشهاتەکانی پڕۆسەی چارەسەری، یاسای چوارچێوە، گۆشەگیریی ئیمڕاڵی، هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان کردووە و هۆشداری داوە لە بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەکە.
نورەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کردووە، یاسای چوارچێوە لە پەرلەمان پەسەند کراوە، لە شوێنی دروستکردنی هیوای ئاشتی، بەهۆی سەپاندنی مەرجەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و فشاری دەسەڵاتدارانەوە بووە بە بەربەست، جەختیشی کردەوە، بەستنەوەی پڕۆسەکە بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئیرادەی پەرلەمان دەخاتە ژێر پرسیار و ئایندەی گەریلا ڕووبەڕووی داهاتووییەکی نادیار دەکاتەوە.
ناوبراو ڕەخنەی توندی لە مەرجی دانانی چەک گرت و ڕایگەیاند، ڕاگرتنی دیدارەکانی ئیمڕاڵی و پشتگوێخستنی مافی هیوا، قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە. لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، تاکە ڕێگەی چارەسەری، دەستبەرداربوون لە سیاسەتە ئەمنییەکان، کردنەوەی دەرگاکانی ئیمڕاڵی و هەنگاونانی دیموکراتییانەیە، بە پێچەوانەوە یاری دواخستن، پڕۆسەی ئاشتی ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە.