تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕایگەیاند کە بەهۆی یاسای نوێوە هەزاران کەس لە زیندانەکان ئازاد دەبن و ئامانجیشیان ئەوەیە لە کۆنگرە گەورەکەی پاییزدا سەلاحەدین دەمیرتاشیش بەشداری بکات.
باکرهان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکارەی کە لە ناو خەڵکدا بە "یاسای چوارچێوە" ناسراوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نزیکەی 125 هەزار کەسەوە هەیە و لە قۆناغی یەکەمدا بە چوونە بواری جێبەجێکردنی یاساکە، 3 هەزار و 900 کەس لە زیندانەکان ئازاد دەکرێن.
سەبارەت بە وردەکارییەکانی یاساکە، باکیرهان ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا 75 هەزار کەس لێکۆڵینەوەی ئاشکرا و 50 هەزار کەسیش لێکۆڵینەوەی نهێنییان لەسەرە، و یاساکە کۆی گشتیی 125 هەزار دۆسیە دەگرێتەوە.
سەبارەت بەو کەسانەی دەرەوەی یاساکەن، ڕوونی کردەوە کە "بەپێی یاساکە، دۆسیەی نزیکەی 900 کەس کە پێش ساڵی 2005 حوکمی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتن،
لەم قۆناغەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکرێت و دەبێت لە قۆناغی دووەمدا باسیان لێوە بكرێت، بەڵام سەرجەم دۆسیەکانی تری دەرەوەی ئەمە دەچنە چوارچێوەی یاساکەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد کە پارتەکەیان لە پاییزدا کۆنگرەیەکی گەورە ئەنجام دەدات و جەختی لەوە کردەوە کە هیوادارن سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران و کادرانی پارتەکەیان کە لە دەرەوەی وڵاتن، بەشداری لەو کۆنگرەیەدا بکەن.