ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) لە ڕاگەیەندراوێکی توونددا هۆشداری دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕایگەیاند، بێدەنگیی جیهان لە بەرامبەر قوربانیانی سەرکوتکارییەکانی ئێران کارێکی بێ پاساوە؛
جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکانی ئێستای واشنتن و تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی، نابێت ببێتە هۆی فەرامۆشکردنی تاوانەکانی حکومەتی ئێران دژی گەلەکەی.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر سەرکوتکردنی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان لە ئێران، فەرامۆشکردنی دۆسیەکە مەترسیی دووبارەبوونەوەی تاوانی گەورەتر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە زیاتر دەکات.
لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە کە دەسەڵاتدارانی تاران دۆخی جەنگیی و گرژییەکانی ناوچەکەیان وەک دەرفەتێک بۆ فراوانکردنی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی سیاسی بەکارهێناوە، تاوەکو بە تەواوی دەنگی نەهێڵن.
ڕێکخراوەکە داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە دۆسیەی پێشێلکارییەکانی ئێران بە فەرمی ڕەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بکەن، بۆ ئەوەی بکەرانی ئەم کۆمەڵکوژی و تاوانانە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و لە سزا ڕزگاریان نەبێت.