لە چوارچێوەی سزاکانی ئەمریکا دژ بە کەرتی فڕۆکەوانی ئێران ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد لە عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەسقەت لە عومان، پێشوازی لە هیچ گەشتێکی ئاسمانی ناکەن کە لە ئێرانەوە ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییە بەرنامە بۆ دارێژراوەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی تاران بەرەو پایتەختی عێراق و عومان بە تەواوەتی هەڵوەشێنراونەتەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی بەرپرس و باڵا لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕاگەیاند، بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیاکانی گەشتی ئاسمانیی ئێران، وەزارەتەکەیان بڕیاری داوە ڕێگە بە ئەنجامدانی گەشتی هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی نەدات.
سەبارەت بە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بە میدیا ئەمریکییەکانی راگەیاندووە، سەرجەم بڕیارەکان سەبارەت بەفڕۆکەخانەکانی هەرێم بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق و هەر بڕیارێک لە بەغداوە دەربچێت ئەوان جێبەجێی دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی گوشارە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر تاران، لە ڕۆژی ٢٣ـی ئەیلولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.