بەشداریی شاندی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بووە هۆی بەڕێوەچوونی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیڕەکانەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان شاندی ئێرانی و ئەمریکی بە ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی ناوەندگیرەکانەوە ئەنجام دراون. دوای کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی دەرڕی و ئاشکرای کرد کە ڕۆژی سێشەممە گفتوگۆیەکی سێ کاتژمێریی زۆر باشیان هەبووە، ترەمپ جەختیشی کردەوە، دەبێت ئێران بە خێرایی ڕێککەوتن بکات، بە پێچەوانەوە بەرەو لەناوچوونی خێرا دەچێت.
سەرەڕای گەشبینییەکان، بەقایی مەرجەکانی ئێرانی بۆ ڕێککەوتن خستە ڕوو، لەوانە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بوارەکاندا، ڕاگرتنی کردەوە شەڕانگێزییەکانی ئەمریکا، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و ئابووری و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران. لای خۆشییەوە ماڵپەڕی عەرەبییە لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ناکۆکیی قووڵ لە نێوان هەردوولادا ماوە و واشنتن داواکاریی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ڕەت کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ئێران جەختی کردەوە، هەر ڕێککەوتنێک دەبێت کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لوبنان، ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر حیزبوڵڵا و حوسییەکانی یەمەن بگرێتەوە. هاوکات دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، گەشبین نین بە ڕێککەوتن و هۆشداریی بە سەرکردەکانی ئێران دا، کە ئیسرائیل شوێنی حەشاردانیان دەزانێت و لە هەر هێرشێکدا لەناویان دەبات، ئەمەش ئاستەنگ و ئاڵۆزییەکانی بەردەم دەستگەیشتن بە ڕێککەوتنی دووپات کردەوە.