ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد و ئێرانیان لەبەردەم باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن گردبوونەوە و ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان دژی سیاسەتەکانی ئێران ئەنجامدا.
لە گردبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پرسی نەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ و بەشداربووان بە توندی ئیدانەی شەپۆلی لەسێدارەدانەکانیان لە ئێران کرد و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و واشنتن کرد کە پاڵپشتی لە "گۆڕانکارییەکی دیموکراتی" بکەن کە مافی هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی تێدا پارێزراو بێت.
خۆپیشاندەران لە دەوروبەری کۆنگرێس وێنەی قوربانیانی دەستی ئێرانیان بەرزکردەوە و لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە سێ داواکاری سەرەکییان ئاڕاستەی کۆشکی سپی کرد، کە بریتی بوون لە: ڕاگرتنی دەستبەجێی سێدارەدان، داننان بە ئۆپۆزسیۆن وەک جێگرەوەیەک بۆ حکومەتی ئێستا، و پشتگیریکردنی ڕاستەوخۆی تۆڕەکانی بەرگریی ڕێکخراو لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
هاوکات پاتڕیک کەنەدی، ئەندامی پێشووی کۆنگرێس لە گوتارێکدا پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەربڕی و ڕژێمی ئێرانی وەک گەورەترین سێدارەدەری گەلی خۆی لە جیهاندا ناوبرد.