دەزگای شەهیدانی عێراق بە فەرمی دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی بەرفراوانی بۆ هەڵدانەوەی 36 گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەشتی "عەکاز" لە ناحیەی سەقڵاوییەی سەر بە پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند، کە ڕووفاتی دەیان هاوڵاتیی مەدەنیی تێدایە کە لە ساڵی 2014دا و دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، لەسەر دەستی چەکدارانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش کۆمەڵکوژ کراون.
هاوکات لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا، ناوەندی هەواڵی عێراق پەردەی لەسەر دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکە لە سنووری پارێزگای ئەنبار لادا کە ڕوفاتی نزیکەی 1,500 هاووڵاتیی سڤیلی تێدایە، کە بە چاوی بەستراوەوە و بە جلی مەدەنییەوە لەلایەن "میلیشیا تائیفییەکانەوە" لەسێدارەدراون.
ئەم پڕۆسە فەرمی و مرۆییەی لە دەشتی عەکاز بەڕێوەدەچێت، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنبوان و دەرهێنانی ڕووفاتی قوربانیان ناسینەوەی ناسنامەکانیان لە ڕێگەی پشکنینی پزیشکییەوە و دۆکیۆمێنتکردنی ئەم تاوانە گەورانە وەک بەڵگەی یاسایی لە دژی ئەنجامدەرانیان.