فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی نێوخۆیی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان، ڕاکان سەعید جبووری وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنەکەیان هەڵبژارد.
ئەمڕۆ سێشەممە (12) ی ئایاری (2026)، بە واژۆی سەرجەم ئەندامە عەرەبەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیار درا ڕاکان سەعید جبووری بە فەرمی ئەرکی سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی عەرەبی بگرێتە ئەستۆ.
فراکسیۆنی عەرەبی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە بۆ ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی عەرەبییە و گوتی: "ئامانجی سەرەکیمان ڕاگرتنی هاوسەنگیی نەتەوەیی پارێزگاکە و بەدواداچوونە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان".
لە ڕاگەیاندراوەکەی فراکسیۆنی عەرەبیدا هاتووە: "کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بە دەستاودەستکردنی پۆستە کارگێڕی و ئەمنییەکان لە پارێزگاکەدا، بە جۆرێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت".
بە گوێرەی پێکهاتەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەنجوومەنەکە لە 16 ئەندام پێک دێت کە تێیدا کورد حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی و کریستیانەکانییش خاوەنی یەک کورسیی کۆتان.