نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە ڕایگەیاند، مافی پێکهاتەکان و خوێندن بە زمانی کوردی بەشێکی سەرەکی دەبێت لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتیی سوریا بۆ قۆناغی داهاتوو.
دووشەممە (11) ی ئایاری (2026)، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لە بڕۆکسل، کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریایش تێیدا ئامادە بوو، کایا کاڵاس، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئەمنیی یەکێتیی ئەوروپا، تیشکی خستە سەر پرسی مافی کەمینەکان.
کایا کاڵاس لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پرسی خوێندن بە زمانی کوردی لەگەڵ بەرپرسانی سوویا باس دەکەن، ڕایگەیاند: "بەڵێ، ئێمە ئەم بابەتانە دەوروژێنین، چونکە هێشتا کێشەی کەمینەکان و مافی خوێندن بە زمانی دایک لە سوریا چارەسەر نەکراوە. هەرچەندە ئەمە مافێکی گشتگیرە بۆ هەموو کۆمەڵگەکانییش، بەڵام بێگومان پرسی کورد لە پێشینەدایە".
کاڵاس ئاماژەی بەوەیش کرد، پرسی کورد بەشێکە لە گفتوگۆیەکی فراوانتر لە بارەی داهاتووی سوریا و جەختی لە پێویستیی پاراستنی مافی هەموو ئەو پێکهاتانە کردەوە، کە لەو وڵاتەدا دەژین.
ئەم لێدوانانەی کاڵاس لە کاتێکدایە، بابەتی پێگەی زمانی کوردی لە خوێندنگە و دامەزراوە گشتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، یەکێکە لە خاڵە جەوهەرییەکانی گفتوگۆی نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر و حکومەتی کاتیی سوریا. لایەنی کوردی داوا دەکات خوێندن و بەڕێوەبردن بە زمانی کوردی، بە شێوەیەکی فەرمی بناسرێت.