هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوا دەکات پێگەی عەبدوڵا ئۆجالان وەک سەرۆکی دانوستانکار بە شێوەیەکی فەرمی بناسرێت و چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دیاری بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، تولای هاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (یەنی یاشام) تیشکی خستە سەر دواین پێشهاتەکانی پڕۆسەی چارەسەری و ڕایگەیاند، پڕۆسەکە لە ئێستادا تووشی چەقبەستوویی بووە و ئەو خێراییەی چاوەڕێیان دەکرد بەدی نەکراوە.
تولای هاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە وردەکاریی گفتوگۆکانی پێشوو بە (یەنی یاشام)ی ڕاگەیاند، لە کۆتا دیداری نێوان شاندی دەم پارتی و حکومەتی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، بڕیار وابوو تا کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ ڕەشنووس و چوارچێوەی یاسایی پێویست بۆ پڕۆسەکە ئامادە بکرێت، بەڵام هەنگاوەکان خاو بوونەتەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی راشیگەیاند: "بەڕێز ئۆجالان سەبارەت بە دیاریکردنی پێگەی خۆی هەڵسەنگاندنی وردی هەبووە و گوتویەتی: "نییەتی ئەوەم نییە لە زیندانێکەوە بچمە ناو زیندانێکی تر، هەر بۆیە جەخت دەکەینەوە، کە دەبێت پێگەی ئەو وەک سەرۆکی دانوستانکار بە یاسایی بناسرێت".
تولای هاتیمۆغلاری جەختی لەوەش کردەوە، ئێستا دیدارەکان لەگەڵ ئۆجالان لە ئیمڕاڵی ڕاگیراون و گوتیشی: "دۆخەکە کەوتووەتە ناو جۆرە دووڕیانێکەوە، نە ڕێگریی ڕەهامان لێ دەکرێت و نە مۆڵەتی سەردانیشمان پێ دەدرێت، ئەگەر دەرفەت هەبێت ئێمە وەک هاوسەرۆکان و پارێزەران دەستبەجێ سەردانی ئیمڕاڵی دەکەین."