دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بە فەرمیی بڕیاری کردنەوەی نووسینگەی گومرگی لە بازگەی باوە مەحموود لە گەرمیان دەرکرد، کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای دیالەیە، بەوەش لەبری گواستنەوەی کاڵا بۆ بازگەکانی کەرکوک، بازرگانان لەو بازگەیەوە کاڵاکانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەنێرن.
ڕۆژی دووشەممە 9ـی شوباتی 2026 لەلایەن سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراقەوە نووسراوی کردنەوەی نووسینگەکە لە گەرمیان دەرکرا.
سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی سنووری ئیدارەی گەرمیانە رایگەیاند، "رێکارەکانی کردنەوەی ئەو نووسینگە گومرگییە لە ڕێگەی دەستەی گشتیی گومرگ و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تەواو بوون و فەرمانبەریان بۆ دابینکراوە و بڕیارە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە 10ـی شوباتی 2026ـەوە بەفەرمی کار بکەن و لەمەودوا بازرگانان دەتوانن لە بازگەی باوە مەحموودەوە کاڵاکانیان بگوازنەوە و جیاوازیی گومرگییان لێ وەردەگیرێت".
زیاتر لە 8 مانگە بازگەی باوە مەحموود بە ڕووی گواستنەوەی کاڵا بۆ ناوەڕاست و باشووردا ڕاگیراوە، بەپاساوى ئەوەى بازگەکە پێداویستى و خزمەتگوزارى تەواوى نەبووە، بەو هۆیەوە بازرگانان کە لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کاڵایان هاوردە دەکرد، دەبوو کاڵاکانیان لە رێگەی بازگەکانی کەرکوکەوە ببەن بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق.