حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدکا) رایگەیاند، لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانەوە لە کۆتایی مانگی شوبات، ئێران بە زیاتر لە 138 مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپ، بنکە تەندروستی و فێرکارییەکانی ئەوان.
ئەم راگەیەندراوەی حدکا دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە، درۆنێکی خۆکوژ بنکەیەکی ئەو حیزبەی لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، کاتژمێر 2:05ی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، کەمپی (زاوێ سپی)ی سەر بەو حیزبە لە نزیک کۆیە کراوەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.
ئەمە یەکەم هێرشی ئێرانە بۆ سەر کەمپەکانی ئەو حزبە، دوای ئەوەی واشنتن و تاران لەسەر لێکتێگەیشتنێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی رێککەوتن.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە کۆتایی شوباتی رابردوو، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی سەدان هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
سەرڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، هێرشەکان بەردەوامن.
بەڵام دوای ئاگربەستەکە، هێرشەکان زیاتر چڕکراونەتەوە سەر بنکەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان و ژێرخان و دامەزراوەکانی دیکە کەمتر کراونەتە ئامانج.
پێشتریش لە 8ی حوزەیراندا، دوو درۆن کەمپی (ئازادی)ی حدکایان لە کۆیە بۆردومان کردبوو.
لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، بەهۆی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان، 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لە شەش لایەنە سەرەکەییەکەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا وەک هەنگاوێکی مێژوویی بۆ یەکخستنی گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران دامەزرا.
ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی هەینی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بەڕێوەبچێت بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی. لێکتێگەیشتنەکەی رۆژی دووشەممە لەلایەن پاکستانەوە وەک لایەنی نێوەندگیر راگەیەندرا و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی هەینی بە فەرمی لە جنێف واژۆ بکرێت.