ڕاستەوخۆ

دەم پارتی: دەوڵەت هەنگاوی بۆ ئاشتی نەناوە

reset font size increase font size

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە لە ڕۆژانی 11-12ی تەممووزی 2026دا بەڕێوەچوو. پارتەکە تێیدا وادەی سازکردنی کۆنفرانس و کۆنگرەی داهاتووی خۆی ئاشکرا کرد.

هاوکات ڕەخنەی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە کرد بەهۆی نەبوونی هەنگاوی کرداری بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.

دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕایگەیاند، ئامادەکارییە ڕێکخراوەییەکانیان بۆ قۆناغی داهاتوو دەستیان پێکردووە. لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردراوە، کۆنفرانسی گشتیی پارتەکە لە ڕۆژانی 22-23ی ئابی 2026دا ساز بکرێت. هەروەها پێنجەمین کۆنگرەی گەورەی دەم پارتی لە ڕێکەوتی 20ی ئەیلوولی 2026دا بەڕێوە بچێت.

ڕاگەیەندراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام تەنیا لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنی ڕاستەقینە و هەنگاونانی سیاسیی بوێرانەوە دەبێت. دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ساڵێک بەسەر بڕیاری پەکەکە بۆ سووتاندنی چەکەکان و وازهێنان لە خەباتی چەکداری تێپەڕیوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە مێژووییەدا هیچ هەنگاوێکی یاسایی یان دیموکراتیانەی نەناوە.

داواکاری بۆ یاسایەکی چوارچێوەیی بەرفراوان و هەڵگرتنی گۆشەگیری
دەم پارتی داوای دەستبەجێ ئامادەکردنی یاسایەکی چوارچێوەیی گشتگیر و بەرفراوان دەکات کە وەک نەخشەڕێگایەک بێت بۆ چارەسەری.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پێویستە ئەم یاسایە ئەم تەوەرانە لەخۆ بگرێت، ڕێکخستنی یاسایی پرۆسەی چەکدانان و سووتاندنی چەکەکان. هەوروەها زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی بەشکۆ و ئارامی چەکداران و ئاوارەکان. لەگەڵ ئەوەشدا دابینکردنی مافی بەشداریی سیاسیی دیموکراتیک و گەرەنتیی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان.

لە کۆتاییدا، دەم پارتی نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دا لەوەی، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان نزیکەی 50 ڕۆژە بەردەوامە. دەم پارتی جەختی کردەوە، بەردەوامیی گۆشەگیری و هاوبەشنەکردنی ڕەشنووسی یاسای چاکسازی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بە تەواوی دژی ڕۆح و بنەماکانی پرۆسەی ئاشتی و دیالۆگە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.