وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و پاراستنی پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای بەردەوام دەرکرد، تێیدا هۆشداریی توند دەداتە هاوبەشانی "پڕۆژەی ڕووناکی" پێویستە لە کاتی دیاریکراودا پارەی پسووڵەکانیان بدەن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی بڕینی کارەباکەیان دەبنەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی کارەبا، ماوەی 50 ڕۆژ دوای دەرچوونی پسووڵە دیاری کراوە بۆ ئەوەی هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی پارەی کارەباکەیان بدەن. ئەگەر لەو ماوەیەدا هاوبەشان پابەند نەبن بە دانی بڕی پارەی دیاریکراو، ئەوا کارەباکەیان دەبڕدرێت و ناگەڕێندرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی بە تەواوی پاکتاوی قەرزەکانیان دەکەن.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەشێکی کەم لە هاوبەشان کارەبا بەکاردەهێنن بەبێ ئەوەی پارەی پسووڵەکان بدەن، ئەمەش وەک نادادپەروەری و بارگرانییەکی گەورە بۆ سەر شانی دارایی وەزارەتەکە لەقەڵەم دەدات، چونکە بەردەوامیی ئەم دۆخە توانای وەزارەتەکە لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان بە تەواوی لاواز دەکات.
وەزارەتی کارەبا داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات، کە سەرجەم ئەو قەرزە کۆنانەی کەوتووەتە پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، بە زووترین کات بدەنەوە.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا، نەدانەوەی قەرزە کۆنەکانیش دەبێتە هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ کوژاندنەوە و بڕینی کارەبای هاوبەشەکان.