ئەمڕۆ دواین وادەی فەرمیی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی پڕۆسەکە، بڕیار درا ماوەی وەرگرتنەکە بۆ 3 ڕۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە بە مەبەستی ڕێگەدان بە جوتیاران بۆ ڕادەستکردنی پشکەکانیان.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە لێدوانێکدا بۆ "نووچە تیڤی" ڕایگەیاند, پشکی دیاریکراوی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنمە. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 372 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، کە دەکاتە 96%ی کۆی گشتیی پشکی هەرێم.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد, لە هەوڵدان لەم ماوە درێژکراوەیەدا تەواوی پشکی ماوەی هەرێم بە سەرکەوتوویی وەربگرن و دۆسیەی گەنمی ئەمساڵ دابخەن. پڕۆسەکە لە سەرجەم سایلۆکانی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی دەوامی ڕۆژی 18ی مانگ بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی سستی و دواکەوتنی پڕۆسەکە لە سەرەتادا، نەوزاد شێخ کامیل ڕوونی کردەوە, کێشەکە بۆ سیستمی "نۆرەگرتنی پێشوەختە" دەگەڕایەوە.
لەبەر ئەوەی جوتیاران لە سەرەتادا شارەزایی تەواویان لەسەر بەکارهێنانی سیستمەکە نەبوو، بەشێکیان بە یەک ژمارەی تەلەفۆن چەندین جار ناوی خۆیان تۆمار دەکرد بەو هیوایەی نۆرەیەکی پێشوەختەیان بەربکەوێت.
ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی لۆدێکی زۆر لەسەر سیستمەکە و پاشەکشەی سەرەی جوتیارانی دیکە، بەڵام دواتر بەهۆی ڕاهاتنی جوتیاران لەگەڵ سیستمی ئەلیکترۆنی، ئاستەنگەکان بە تەواوی چارەسەر کران.