کۆمەڵێک لە دایکان و باوکانی کورد لە هەرێمی کوردستان، یاداشتێکی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لە یاداشتەکەدا داوا دەکەن نەوەی نوێ لە هەر گوتار و ڕەفتارێک، کە ببێتە هۆی توندڕەوی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت و جەخت لەسەر پاراستنی ناسنامەی کلتووری و فرەیی ئایینی دەکرێتەوە.
یاداشتەکە لە ڕێککەوتی 14ی تەممووزی 2026 پێشکەش بە وەزارەتی ئەوقاف کراوە و چەندین داواکاریی سەرەکیی لەخۆگرتووە. دایکان و باوکان بە پێویستی دەزانن کە گرنگییەکی تەواو بە پرسەکانی ئەخلاق، پەروەردە، خێزان، زانست و گەشەپێدان بدرێت. هەروەها جەخت دەکەنەوە کە دەبێت ناوەڕۆکی سەرجەم وتار، چالاکی و بڵاوکراوە ئایینییەکان لەگەڵ تەمەن، پێداویستییە دەروونییەکان و قۆناغە پەروەردەیییەکانی منداڵان و گەنجاندا بگونجێنرێت.
بەشێکی دیکەی یاداشتەکە تەرخانکراوە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کلتووری، کە تێیدا هاتووە: "پێویستە لە سەرجەم چالاکییە ئایینییەکاندا ڕێزێکی تەواو لە زمان، کلتوور، پۆشاک و دابونەریتی ڕەسەنی کوردەواری بگیرێت. هاوکات دۆسیەکانی خێزان و ژنان بە شێوازێک تاوتوێ بکرێن، کە لە چوارچێوەی یاسا نیشتمانییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤدا بن".
دایکان و باوکان لە کۆتاییی یاداشتەکەیاندا هیوایان خواستووە، کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە دەم داواکارییەکانیانەوە بێت و هەنگاوی یاسایی و ڕێکخراوەیی پێویست بگرێتەبەر، بە مەبەستی بەهێزکردنی گوتاری میانڕەو، دوورخستنەوەی توندڕەوی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە لە هەرێمی کوردستاندا.