ڕاستەوخۆ

پەیامێک لە بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

reset font size increase font size

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا لە دژی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستێکی توندی ڕاگەیاند و جەختی لەسەر یەکڕیزیی نەتەوەیی لەم قۆناغە سەختەدا کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئێرانی بۆ سەر هەولێر و سلێمانی کرد و ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو، ئاسایش و سەروەریی نەتەوەکەمان ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی گەورە و قبووڵنەکراو بووەوە. هێرشێکی مووشەکیی بالیستی، کە لە ئێرانەوە هاوێژرا، نیشتمانەکەمان و هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمانی کردە ئامانج".

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی: "لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی براکانمان لە هەولێر دەوەستین و هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان، هێرشە بۆ سەر هەموومان. بە ئامانجگرتنی نەتەوەکەمان بە تەواوی قبووڵنەکراوە و سەلامەتیی گەلەکەمان هێڵێکی سوورە کە ناتوانرێت پێشێل بکرێت".

سەرۆکی یەکێتی ئەو هێرشانەی بە کردەوەیەکی شەڕانگێزیی بەئەنقەست و پێشێلکارییەکی تووندی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم کردەوە دوژمنکارییانەی لە ئێران کرد. هاوکا‌ت ڕایگەیاند: "ئێمە بەدوای پەرەسەندنی گرژی و ناسەقامگیریدانی نین، بەڵام نابێت دانبەخۆداگرتنمان بە کەمبوونی وورە یان بێتوانایی لێکبدرێتەوە".

لەبارەی دەرئەنجامە مەیدانییەکانی هێرشەکەی شەوی هەینی، زانیارییەکان قەبارەی زیانەکان دەردەخەن، کە لە سلێمانی هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر بارووتخانەی تاسڵوجە و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتەوە. سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "لە ئاکامی هێرشەکەی سەر تاسڵوجە دوو بۆ سێ بریندار هەن، بەڵام خۆشبەختانە برینەکانیان سووکن و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە".

هاوکات بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرش کرایە سەر شاری هەولێر، بەڵام بەر لەوەی درۆنەکان بگەنە ئامانجەکانیان، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بە تەواوی تێکشکێران و هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ڕاگەیێندراوەکەیدا جەختی کردەوە، کاری هەرە لەپێشینەیان پاراستنی گیانی هاوڵاتییانە و سەرجەم دەزگا فریاگوزاری و هێزەکانی بەرگری بە تەواوی خراونەتە گەڕ. ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە شێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان لە هەماهەنگیدان بۆ دەستەبەرکردنی وەڵامێکی دیپلۆماسی و بەرگرییەکی ئاقڵانە، یەکلاکەرەوە و بەهێز بۆ پاراستنی کوردستان.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان