لە درێژەی سەردانەکەی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە شاندێکی باڵای یەکێتی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان کرا بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بێلایەنیی هەرێمی کوردستان کرایەوە. بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ جەنگ و ململانێیەک لە ناوچەکەدا، بەڵکو دەبێت تەواوی هەوڵەکان لە پێناو پاراستنی ئارامی و کەمکردنەوەی گرژییەکاندا بن.
لای خۆشیەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بە گرنگ و کارا وەسف کرد و ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی هەر هەنگاوێک دەربڕی کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.