ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریدا رۆژی 16ی ئەم مانگە بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری كەركوك كۆنفرانس ببەستێت ئاڕاستەی گۆڕانی كوردسات پێشوازی لە بڕیارەكە دەكات و ئاڕاستەی گردەكەش ناڕازین.
فەرمانگەی كاروباری پارتە سیاسییەكان پاڵپشت بە بڕیاری كۆمیسیۆن، ئامادەكارییەكانی بۆ بەڕێوەچوونی ئەم كۆنفرانسە دەستپێكردووە.
بزووتنەوەی گۆڕان (ئاڕاستەی كوردسات) لە راگەیەنراوێكدا پێشوازی لە بڕیارەكەی كۆمسیۆن كرد و دەڵێت، ئەمە دەرفەتێكە بۆ كۆتاییهێنان بە كێشە یاسایی و ڕێكخراوەییەكان و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی خەباتی سیاسی.
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك لە ئاڕاستەی گردی زەرگەتە كەقسەیان بۆ میدیاكان كردووە، باس لەوەدەكەن بە بڕیارەكەی كۆمیسیۆن ڕازی نین، یەكێك لە هۆكارەكان بۆ شوێنی كۆنفرانسەكە دەگەڕێننەوە و داوادەكەن لە لە گردی زەرگەتەی سلێمانی یاخود لە شاری هەولێر ببەسترێت، هۆكارێكی دیكەی ناڕازیی بوونیان بەشداریكردنی دانا ئەحمەد مەجیدە كە ئێستا وەك رێكخەری ئاڕاستەی كوردسات مامەڵە دەكات.
مانگی نیسانی ساڵی رابردوو هەردوو ئاڕاستە ناكۆكەكەی گۆڕان كۆنفرانسی جیایان بەست، بەڵام كۆمسیۆن ئەنجامی هیچ لایەكیانی بۆ خاوەنداریكردن لە حزبەكە پەسند نەكرد.
بە گوێرەی رێكارەكانی كۆمسیۆن ئەوانەی دەتوانن بەشداری كۆنفرانسەكەی گۆڕان بكەن ئەو كەسانەن لە 2017 ناویان تۆمار كراوە، بەڵام ئێستا بەسەر هەردوو ئاراستە دابەش بوون، هەندێكیشیان وازیان لە كاری سیاسی هێناوە بەشێكیشیان چوونەتە ناو حیزبەكانی دیكەوە.