دوای هەفتەیەک لە بۆردومانی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی زیانی گیانیی قورسی لە ڕیزەکانی هێزەکانیدا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026، سێنتکۆم لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئوردن، دوو سەربازی ئەمریکی کوژراون و سەربازێکی دیکەش بێسەروشوێنە.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، پێکدادانەکە دوێنێ هەینی 17ی تەممووزی 2026 ڕوویداوە، کاتێک سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناو خاکی ئوردن خەریکی بەرپەرچدانەوەی شەپۆلێکی چڕی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئێرانی بوون.
سێنتکۆم بارودۆخی سەربازەکانی دیکەی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە، چوار سەربازی ئەمریکی دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست، نەخۆشخانەکانی ئوردنیان جێهێشتووە. ئەو سەربازانەی دیکەش، کە بەهۆی برینەکانیان سوکە و پشکنینیان بۆ کرابوو، دۆخیان جێگیرە و گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
سێنتکۆم راشیگەیاندووە، وەک ڕێزێک بۆ خێزانی قوربانییەکان، تاوەکو 24 کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی فەرمیی کەسوکاریاندا تێپەڕ نەبێت، هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی سەربازە کوژراوەکان بڵاوناکرێتەوە.
ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە پێشتر ئێران باسی لەوە کردبوو، کە کۆگەکانی سووتەمەنییان لە بنکەی سەربازیی (ئەزرەق) لە ئوردن پێکاوە، هەرچەندە لەو کاتەدا سوپای ئوردن ڕایگەیاندبوو, کە 10 مووشەکیان تێکشکاندووە و هیچ زیانێکیان نەبووە.
کوژرانی ئەم سەربازانەی ئەمریکا، هاوکاتە لەگەڵ بەڵێنی ئێران بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا، کە پێشتر هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریی لێدابوو. ئێران پاش وەشاندنی ئەم گورزە لە ئوردن، ئەمڕۆ زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی دیکەی کردە سەر وێستگەکانی وزە و ئاو لە وڵاتانی کەنداو (بەتایبەت کوێت و بەحرەین).