توڵای هاتیمئغڵوڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی بە بۆنەی هاتنی جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆزەوە پەیامێکی هاوبەشیان بە زمانەکانی کوردی (کرمانجی و زازاکی) و تورکی و عەرەبی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان لەوە کردەوە کە ئاشتی و دادپەروەری تەنیا لە سایەی سیستمێکی دیموکراتیکدا جێگیر دەبن.
ئاماژەیان بەوە کردووە، جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا بە قۆناغێکی وەرچەرخاندا تێدەپەڕن، بۆیە پێویستە لەم کاتەدا زیاتر لە جاران بایەخ بە پەیامەکانی برایەتی، یەکسانی و پێکەوەژیان بدرێت.
دەشڵێن، ڕێگەی گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان بۆ هەموو پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان، بە بەدیهێنانی کۆماری دیموکراتیک لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتیک لە ناوچەکەدا بەدیدێت.