ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی محەمەد مەعسوم شاهی و حامید وەلیدی جێبەجێ کراوە.
ئەم دوو گیراوە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەج، بە تۆمەتی "سیخوڕی و دژایەتی لەگەڵ خودا" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
دەزگای دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، مەعسوم شاهی و حامید وەلیدی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق" لە سێدارە دراون.
جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە، دوای ڕاگواستنیانی ئەم گیراوانە بۆ شوێنێکی نادیار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان دابوو لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان.
ئەم دوو گیراوە سیاسییە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو لە تاران دەستبەسەر کرابوون. بە گوێرەی ڕاپۆرتە ناحکومییەکان، شاهی و وەلیدی لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا بۆ وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێ" لەژێر گوشاری تونددا بوون.
دوای شەش مانگ لە دەستبەسەرکردنیان، لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی کەرەج ، بە تۆمەتی "دژایەتی لەگەڵ خودا" و "ئەندامبوون لە گرووپی تاوانکاری" و هەروەها "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی"، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
بەمدواییانە، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران ڕایگەیاندبوو، لە بارودۆخی جەنگدان و جەختی لە سەر خێراکردنی دەرکردنی سزاکان کردبوو، لەوانەش سزای لەسێدارەدان.