ئاژانسی هەواڵی هاوار ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چەند هاوڵاتییەکی کورد و بەبێ مۆڵەت مۆبایلەکانیان پشکنی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب بە ئاژانسی هەواڵی هاواریان گوتووە، هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا ڕۆژی شەممە 11ـی نیسانی 2026، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییانی کورد بەتایبەتی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی گەڕەکە کوردییەکە.
هەڵکوتانە سەر ماڵی هاوڵاتییان، لەپڕ و بەبێ هیچ مۆڵەتێک ئەنجام دراون، وەک کارێکی دڕندانە وەسف کراون. باس لەوەشکراوە، توندوتیژی بەرامبەر بە خاوەن ماڵەکان کراوە، دەست بەسەر مۆبایلەکانیاندا گیراوە و ناو ماڵەکانیان پشکێنراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هاوڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گەڕەکە کوردییەکە، بەهۆی ئەو بێڕێزییەی لە کاتی پشکنینی ماڵەکانیان کراوە، ترس و دڵەڕاوکێی لەناو دانیشتوواندا دروستکردووە، بەتایبەتی لەناو ژنان و منداڵاندا.