ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەختترین بارودۆخدا بەرگریی لە دارستان، لەوەڕگە و گیانلەبەرە کێوییەکان دەکەن، لە کاتێکدا جگە لە سەختیی سروشت، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاوچییە چەکدارەکان و دەسەڵاتداران دەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، دۆخی کارکردنی ژینگەپارێزان زۆر نالەبارە؛ ئەوان بە مووچەیەکی نزیکەی ١٠٠ دۆلار لە مانگێکدا کار دەکەن و زۆربەی جار کاتەکانی کاری زیادەیان بێ مووچەیە، ئەوەش ناچاریان دەکات کاری دووەم بکەن.
لە لایەکی ترەوە، کەمیی هێزی مرۆیی وای کردووە ناوچە فراوانەکان تەنها لەلایەن دوو ژینگەپارێزەوە چاودێری بکرێن، ئەمەش ڕێگری لە توانای کۆنترۆڵکردنی ڕاوچییەکان دەکات.
ژینگەپارێزان ئاماژە بەوە دەکەن کە یاساکانی ئێستا بەس نین بۆ ڕێگری لە ڕاوچییەکان و داوای گۆڕینی یاساکان، دەرفەتی باشتری کارکردن و ئازادیی زیاتر دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەركەکانیان.