بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، لە ئێوارەى سبەى شەپۆلێکى بارانبارین ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات و لەناوچە جیاوازەکان بە ڕێژەى جیا باران دەبارێت و کاریگەرى ئەم شەپۆلەش چەند ڕۆژێک لەسەر ناوچەکەمان بەردەوام دەبێن کە تێیدا بارانى بە لێزمە دەبارێت و لە هەندێ شوێنیش مەترسى دروستبوونى لافاو هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە: لە کاتەکانی ئێوارەی سبەى شەپۆلێکی باران بارین ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات و لە ناوچەکانى باشووری هەولێر، دهۆک و کەرکووک لە کاتەکانی شەودا ڕێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت و ئەگەری هەورە بروسکەش هەیە .
باسلەوەشکراوە: کاریگەری ئەم شەپۆلەی کە سبەی دەست پێدەکات بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامی دەبێت .
ئەوەشخراوەتەڕوو: ڕۆژانى شەممە و یەکشەممەى هەفتەى داهاتوو کاریگەری ئەم شەپۆلە بەردەوام دەبێت و تێیدا خێرایی با زیاد دەکات و ئەگەرى ڕوودانى هەورە بروسکە و بارینى لێزمە باران هەیە کە بەهۆیوە لە هەندێ شوێن مەترسى دروستبوونى لافاو هەیە.