ڕاستەوخۆ

سوپای پاسداران شانەيەکی نهێنی لە عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو دادەمەزرێنێت

reset font size increase font size

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پشتی بە زانیاریی هەشت سەرچاوەی عێراقی بەستووە، سوپای پاسدارانی ئێران چەند شانەیەکی نهێنی و نوێی لە عێراق پێکهێناوە بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتانەی کەنداو کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدا جێگیرکراوە.

ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی تێپەڕاندنی تۆڕە چەکدارییە باوەکان و دوورکەوتنەوە لە ئاشکرابوونیان دێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سێ بۆ چوار شانە، کە هەر دانەیەکیان لە نزیکەی 10 چەکداری نوخبەی شیعەی عێراقی پێکهاتوون، لە نێوان 20ی نیسان بۆ 17ی ئایار لانی کەم حەوت هێرشی درۆنییان لە ناوچە بیابانییەکانی نزیک بەسرە و سەماوەوە بۆ سەر ئامانجگەلێک لە کوێت، سعوودیە و ئیمارات ئەنجامداوە.

کشانەوەی گروپە باوەکان و ستراتیژی نوێی ئێران

بەپێی گوتەی فەرماندە چەکدارییەکان و پەرلەمانتارانی عێراق، پێکهێنانی ئەم شانە نوێیانە لە کاتێکدایە کە چەند گروپێکی سەرەکیی وەک "عەسائیب ئەهلی حەق" و "کەتائیبی ئیمام عەلی" لەم مانگەدا ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەک بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت نیشانداوە، ئەمەش دوای هۆشدارییە بەردەوامەکانی واشنتن بە بەغدا.

جاسم بەهادلی، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی سوپای عێراق و شارەزا لە کاروباری گروپە چەکدارەکان، لەمبارەیەوە دەڵێت:

"ئەم گروپە نوێیانەی سوپای پاسداران بچووکترن، لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە توندڕەوترن و بە توندیش کۆنترۆڵکراون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێویستی ئێرانە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی لە ژێر فشاری ئابووریدا."

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە، سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتنێکی کاتییان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆکرد، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی ڕایانگەیاندووە کە پرسی پشتگیریکردنی "گروپەکانی بەرگری" ناچێتە ناو چوارچێوەی دانوستانەکانەوە.

تاقیکردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق

ئەم هێرشانە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو دەخەنە مەترسییەوە، کە لە دوای ساڵی 1990وە بەم دواییانە ڕوویان لە چاکبوونەوە کردبوو.

لە مانگی نیساندا، کوێت، سعوودیە و ئیمارات باڵیۆزانی عێراقیان بەهۆی ئەم هێرشانەوە بانگهێشت کرد.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، کە مانگی ڕابردوو وەک جێگرەوەیەک بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی نووری مالیکی پۆستەکەی وەرگرت، هێرشەکانی سەر کەنداوی سەرکۆنە کردووە و بەڵێنی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتانە داوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە خاکی عێراق بۆ هەڕەشە لە دژی ئاشتی ناوچەکە بەکارنەهێنرێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.