وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کارەکانی پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی دوکان - چوارقوڕنە بە بێوەستان و بە شێوازی ڕۆژ و شەو بەردەوامییان هەیە، و قۆناغەکانی دووەم و سێیەمی پڕۆژەکەش هەنگاوی گرنگیان بڕیوە.
بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتەکە، لە ئێستادا بەچڕی کار لە بەشی نێوان کانی وەتمان بۆ ناحیەی خەلەکان دەکرێت، کە درێژییەکەی 14 کیلۆمەترە، سایدی لای ڕاست لە تەواوبووندایە و کارکردن لە سایدی بەرامبەریش هاوتەریب بەڕێوە دەچێت، هەروەها دەست بە کارکردن لە پردی فریزەڵەش کرابووەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر 11 کیلۆمەتر لە ڕێگاکە لە ناوچەی هیزۆپەوە بۆ کانی وەتمان تەواو کرابوو.
پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی دوکان - چوارقوڕنە بە درێژیی گشتیی 36.5 کیلۆمەتر و بە تێچووی زیاتر لە 243 ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیای گەردینەوە جێبەجێ دەکرێت.