وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی کۆی خەرجی و داهاتەکانی بۆ حەوت مانگی سەرەتای ساڵی 2026 بڵاو کردەوە، کە بە گوێرەی ئامارەکان کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە 68.26 تریلیۆن دینار و داهاتیش 39.09 تریلیۆن دینار بووە، بە جۆرێک کە قەبارەی کورتهێنان سەروو 29 تریلیۆن دیناری تۆمار کردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، خەرجیی مووچەی فەرمانبەران تاوەکو کۆتایی تەممووزی 2026 گەیشتووەتە 35.85 تریلیۆن دینار، کە لەو بڕە 5.37 تریلیۆن دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج کراوە، هەروەها لە کۆی 15.98 تریلیۆن دیناری خەرجکراو بۆ مووچەی خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی، بڕی 1.95 تریلیۆن دینار پشکى هەرێمی کوردستان بووە، واتە لە ماوەی حەوت مانگدا عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچە پێویستی بە 57.8 تریلیۆن دینار بووە.
لە ڕووی بەراوردکارییەوە، خەرجیی گشتیی عێراق بەراورد بە حەوت مانگی ساڵی 2025 بڕی 9 تریلیۆن دینار کەمیکردووە (لە 77.33 تریلیۆن دینارەوە بۆ 68.26 تریلیۆن دینار دابەزیوە) و سەرجەم کەمکردنەوەکان لە بواری وەبەرهێناندا بوون نەوەک بەکارخستن. لە بەرامبەردا، کۆی داهاتی گشتیش بەڕێژەی 54% (بڕی 33 تریلیۆن دینار) کەمیکردووە، بە جۆرێک 30.35 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و 8.73 تریلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی بووە.
سەبارەت بە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی حەوت مانگی ئەم ساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی 254 ملیار دینار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 693 ملیار دینار (کە لە ساڵی 2025دا 439 ملیار دینار بوو) و بەمەش داهاتی نانەوتیی هەرێم بەڕێژەی 7.9% بەشداری لە کۆی داهاتی نانەوتیی گشتیی عێراقدا کردووە.