حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە هاتوچۆ و مامەڵەکردن بە ئۆتۆمبێلی "ژمارە کاتی" هەرێمی کوردستان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، هەر هاووڵاتییەکی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلێکی ژمارە کاتیی هەرێم بکڕێت، ڕێگەی پێنادرێت لەناو شارەکاندا هاتوچۆی پێ بکات.
بۆ ڕێگەدان بە هاتوچۆکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە تەنیا یەک مەرج دیاریکراوە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت خاوەن ئۆتۆمبێلەکە بڕی گومرگی دیاریکراو بداتە حکومەتی فیدراڵ، بڕی ئەو پارەیەش وەک گومرگ لەسەر هەر ئۆتۆمبێلێک دانراوە نزیکەی 1,000 دۆلارە.
ئەم ڕێکارە نوێیە تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە "ژمارە کاتی"ـن. ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و ژمارەی فەرمی و ساڵنامەیان بۆ بڕاوەتەوە، هاتوچۆکردنیان لە شارەکانی دیکەی عێراق ئاساییە.
هۆکاری ئەم قەدەغەکردنە بۆ هەبوونی جیاوازی لە تێچووی گومرگ و باج لە نێوان دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دەروازە فیدراڵییەکان دەگەڕێتەوە. حکومەتی عێراق پێی وایە ئەم جیاوازییە وایکردووە بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارەکانی عێراق پەنا ببەنە بەر کڕینی ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی لە هەرێمی کوردستان بە نرخێکی هەرزانتر، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتە گومرگییەکان دەبینرێت.