ڕاستەوخۆ

تەلەگراف: ڕوسیا براوه‌ی یه‌كه‌می ئاڵۆزییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت

reset font size increase font size

ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانی ئەمڕۆ 13ی ئازاری 2026، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ململانێکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت جەنگی ئێران، بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش وەک دەرفەتێکی زێڕین یارمەتی مۆسکۆ دەدات بۆ دابینکردنی خەرجییە داراییەکانی کەمپەینە سەربازییەکەی لە ئۆكراین.

 به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتەکە، هەرچەندە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پەرۆشیی خۆی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی و دیپلۆماسیی خێرا بۆ جەنگی ئێران دەربڕیوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەڵگیرسانی ئەم جەنگە بۆ سەرۆکی ڕوسیا هێندەش خراپ نەبووە.

شیکەرەوان پێیان وایە مۆسکۆ یەکەمین براوەی ئەو ململانێیانەیە، کە تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕویانداوە، لەم چوارچێوەیەشدا، ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا، بە باڵیۆزانی یەکێتییەکەی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا ته‌نها یەک براوە لەم جەنگەدا هەیە، ئەویش ڕوسیایە.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، چەند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر، کۆشکی كریملن ڕووبەڕووی قەیران و پرسیاری جدی ببووەوە سەبارەت بە توانای بەردەوامبوونی لە جەنگە لەسەرخۆکەی له‌گه‌ڵ ئۆكراین، کە خەریک بوو ئابووریی وڵاتەکەی دادەڕوخاند.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، سزاکانی سەر کەرتی وزەی نێودەوڵەتی، دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی و دیاریکردنی نرخ لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیاوە، قەیرانێکی دارایی سەختیان بۆ ڕوسیا دروستکردبوو، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر نزیکەی 45%ـی بودجە فیدراڵییەکەی، پشتی بە داهاتی نەوت و گاز دەبەست، بەڵام دوای ئەوەی موشەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ یەکەمجار ئێرانیان پێکا، لە شەو و ڕۆژێکدا دۆخەکە بە تەواوی بۆ ڕوسیا گۆڕدرا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی تەلەگراف، ئەم پێشهاتانە بەو مانایە دێن، کە ئۆكراین زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لەم دۆخەدا، لە کاتێکدا ڕوسیا قازانجی گەورە دەکات و سەرنجی نێودەوڵەتی لەسەر جەنگی ئۆكراین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لادەچێت، حکومەتی کیێڤ تەنیا دەتوانێت هیوا بۆ کۆتاییهاتنی ململانێکانی دەرەوە بخوازێت، بەو هیوایەی جەنگی ناوخۆی وڵاتەکەیان کۆتایی پێبێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.