بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و خۆراکی سلێمانی دوایین ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراکی ناو شار کرد، بۆ هێنانی پارەی سەبەتەی چوارەمی بەشەخۆراکی ساڵی 2026 بە داتای مانگی حوزەیران و ڕایگەیاند، تەنها دوو ڕۆژ مۆڵەت لەبەردەم بریکارەکاندا ماوە، بەپێچەوانەوە بۆ هەر ڕۆژێک دواکەوتن بە بڕی 25 هەزار دینار سزای مادی دەدرێن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای لە بریکارەکانی بنکەکانی 265 و 266 کردووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ ئیداعکردنی بڕە پارەکە، کە بە شێوەی کاش لەلایەن بانکی جنوبی ئیسلامییەوە وەردەگیرێت، بە مەرجێک بریکارەکان کارتی بانکی و کۆپییەکی کارتی نیشتمانییان پێبێت.
هاوکات ئاگاداری ئەو بریکارانەی بنکەکانی 261 تا 266 کراوەتەوە، پارەکەیان خستووەتە سەر کارتە بانکییەکەیان، پێویستە سەردان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی پسولەی بڕینی پارەکە.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی داوەتە بریکارەکانی بنکەکانی 263 و 264 ئەمڕۆ چوارشەممە دوایین مۆڵەتیانە و ئەگەر کارەکانیان بکەوێتە سبەینێ پێنجشەممە، ڕاستەوخۆ بەگوێرەی بڕیارەکانی بەغدا سزای مادی دەدرێن.