میوزیکژەن و ئاوازدانەر هاشم ڕەشادت، کە خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەی 35 ساڵە لە جیهانی هونەردا کار دەکات و نزیکەی 200 ئاوازی داڕشتووە؛ ئەو ئێستا لە باکووری کوردستان وانەی میوزیک دەڵێتەوە و پڕۆژەی نوێی بۆ منداڵانی کورد هەیە.
هاشم ڕەشادت لە ساڵی 1971 لە شاری مەهاباد لەدایکبووە. لە تەمەنی 20 ساڵییەوە بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەستی بە فێربوونی ئامێری کەمەنچە کردووە و دواتر کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. ئەو یەکێک بووە لە خوێندکارەکانی ئەردەشیر کامکار، میوزیکژەنی بەناوبانگی کورد.
ڕەشادت سەرەڕای کەمەنچە، شارەزایی لە ژەنینی ئامێرەکانی ڤیۆڵۆن، چەلۆ، سێتار، تەمبەک و عود هەیە و ماوەی حەوت ساڵە لە باکووری کوردستان وانەی میوزیک بە ئارەزوومەندان دەڵێتەوە.
ئەم هونەرمەندە لە کاروانی هونەریی خۆیدا، وەک میوزیکژەن و ئاوازدانەر لەگەڵ چەندین هونەرمەند و گرووپی ناوداری کورد کاریکردووە، لەوانەش: ناسر ڕەزازی، نەجمەدین غوڵامی، عەزیز شاهرۆخ و گرووپی کامکاران.
لە ئێستاشدا وەک مامۆستا لە دەزگای چاند و هونەری ئەناتۆلی خزمەت دەکات.
یەکێک لە وێستگە جیاوازەکانی کارەکانی ڕەشادت، کارکردن بووە بۆ منداڵان. ئەو لەسەر داواکاریی دەرهێنەری ناوداری کورد، بەهمەن قوبادی، نزیکەی 120 چیرۆکی بەناوی "منداڵانی هەتاو" بۆ منداڵانی کورد نووسیوە و ئاوازی بۆ داناون.
ڕەشادت ئاشکرای دەکات کە خەون و پلانی داهاتووی، دامەزراندنی گرووپێکی میوزیکیی تایبەت و پرۆفیشناڵە بۆ منداڵانی کورد.