بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "هەڵک تیڤی"، ئەو تابلۆیانەی هاتوچۆ لە شاری ئامەد کە بە کوردی و تورکی لەسەریان نووسراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک بڕیارێکی نوێ باسیان لێوە دەکرێت، مێژووەکەیان بۆ 10 ساڵ بەرپێش (ساڵی 2016) دەگەڕێتەوە.
ئەم دەنگۆیە دوای ئەوە هات، کە نوێنەرانی بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن (ئی پارتی و زەفەر پارتی) وێنەی کۆنی تابلۆکانیان بڵاوکردەوە و بانگەشەیان بۆ ئەوە کرد، کە گوایە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە تابلۆکانی هاتوچۆدا پێشێلکردنی دەستوورە، بەڵام بە گوێرەی ئەرشیفی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵ و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەو تابلۆیانە لە ساڵی 2016دا لەلایەن شارەوانیی گەورەی ئامەدەوە بۆ ڕێنمایی هاتووچۆ هەڵواسراون.
دوای دانانی قەیوم لە ساڵی 2016 بەسەر شارەوانیی ئامەددا، بەشێک لەو تابلۆیانە لابران و نووسینە کوردییەکانی سەر شەقامەکان سڕانەوە.
بڵاوکردنەوەی وێنەی کۆنی تابلۆکانی هاتوچۆ لە شاری ئامەد، کە بە دوو زمانی کوردی و تورکی نووسراوە لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایەوە، جارێکی دیکە گفتوگۆی لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکاندا زیندوو کردەوە.
ئەیوجە تورکێش تاش، پەرلەمانتاری پارتی باش (ئی پارتی) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، وێنەی کۆنی تابلۆکانی هاتوچۆی شاری ئامەد بڵاوکردەوە و داوای لە شارەوانی ئامەد کرد تابلۆکان بهێنێتە خوارەوە.
لە بەرامبەردا ڕوون بوەوە ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە پەیوەندییان بە ئێستاوە نییە، بەڵکو مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 2014-2016 دەگەڕێتەوە کە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە دانرابوون. بەشێکی زۆری ئەو تابلۆیانە لە دوای دانانی قەیوم لە ساڵی 2016دا لادرابوون و تابلۆی تورکییان لە شوێن دانرا.