حووسییەکان لە یەمەن ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئامانجێکی هەستیاریان لە فڕۆکەخانەی نەجران لە باشووری ڕۆژئاوای عەرەبستانی سعودیە بۆردومان کردووە.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە کەناڵی "المسیرە" بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند: هێزەکانیان توانیویانە بە درۆن ئامانجێکی هەستیاری سعودیە لە فڕۆکەخانەی نەجران بە وردی بپێکن.
بەپێی وتەی سەریع، ئەم هێرشە لە وەڵامی بەزاندنی ئاسمانی پارێزگاكانی (صەعدە) و (حەججە) بووە لەلایەن درۆنەکانی سعودییەوە. ناوبراو هۆشداریشی دا کە "هەر بەزاندنێکی ئاسمانی یەمەن بێ وەڵام و سزا تێنەپەڕێت."
پەرەسەندنی ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێت کە لە 13ی تەممووزی ڕابردووەوە، دوابەدوای تۆمەتبارکردنی سعودیە بە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا بۆ ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی، گرژییەکان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.
حووسییەکان پێشتریش فڕۆکەخانەی "ئەبها" و چەندین کەشتیی نەوتی سعودییان کردبووە ئامانج. ئەم ڕووداوانەش بە بەرچاوترین پەرەسەندنی سەربازی لە دوای ئاگربەستەکەی ساڵی 2022ی نەتەوە یەکگرتووەکان هەژمار دەکرێن.