ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی ڕایگەیاند، کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) بە هیچ شێوەیەک پێوەندییان بەوانەوە نییە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پشکداربوون و پشتگیریکردنی پڕۆسەی ئاشتی ئەرکی سەر شانی تەواوی سیاسییەکانی وڵاتەکەیە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی (کابینەی سەرۆکایەتی)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەبارەت بە دۆسیەی دادگایی جەهەپە و مشتومڕە ناوخۆییەکانی ناو پارتەکە، ئەوان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لەم ململانێیانە. گوتی: "گرژییەکانی ناو پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی سەرنجمان ڕاناکێشن. ئێمە لەم ئاڵۆزییە سیاسی و یاساییانەی ە لە هۆڵەکانی کۆنگرەوە بۆ هۆڵەکانی دادگا گواستراونەتەوە، بەشدار نین، تێیدا نەبووین و تێیداش نابین".
سەرۆک کۆماری تورکیا تیشکی خستە سەر ئەوەی، وڵاتەکەی لە قۆناغێکی هەستیار و گرنگدا تێدەپەڕێت و کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی بریتییە لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی سەدەی تورکیا. گوتیشی: "هەندێک کەس سەرییان خستووەتە ژێر خاکەوە، بەڵام هاووڵاتییانمان دەبینن، تورکیا بە چ قۆناغێکدا تێدەپەڕێت. ئێمە ئاگامان لەوە هەیە کە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییمان لەئەستۆ گرتووە، کاتی ئەوەمان نییە بۆ تووڕەیی، مشتومڕی بێسوود و شەڕ و ململانێ تەرخانی بکەین. تەنیا خەمی ئێمە تورکیایە و بونیادنانی سەدەی تورکیایە".
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پڕۆسەی ئاشتی کرد و ڕایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە پێویستە سەرجەم کارەکتەرە سیاسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵگرن. گوتیشی: "پشکداربوونی ڕاستگۆیانە لەم پڕۆسەیەدا ئەرکی تەواوی سیاسییەکانە. ئێمە هەوڵ دەدەین هەمیشە بنیاتنەر و لەباوەشگر بین. لە کاتی ئەنجامدانی ئەمەشدا، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێین".