دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشوەختە لە بڕیارەکەی ئێران بۆ هەڵپەساردنی دانوستانەکان ئاگادار نەکراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، ئێران ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی پەیامەکانی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان ڕاگەیاند.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵیی 'ئێن بی سی نیوز' ڕایگەیاند: "ئەمە قسەیەکی گونجاوە بیڵێن، چونکە ئەوان لە دانوستاندا زۆر لێهاتووترن وەک لە شەڕکردن، بەڵام پێشوەختە ئێمەیان لەم بڕیارە ئاگادار نەکردووەتەوە".
سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەم هەڵوێستەی ئێران بە مانای چوونی ئەمریکا بەرەو پەرەسەندنی سەربازی نایەت و گوتی: "ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە دەست دەکەین بە فڕێدانی بۆمب بەسەر ئێراندا، بەڵکو گەمارۆکان وەک خۆیان بەردەوام دەبن".
ئەمە لە کاتێک دایە، پێشتر ئاژانسی 'تەسنیم'ی ئێرانی ئاشکرای کردبوو، تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیان گفتوگۆکان ڕادەگرێت، چونکە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان دژ بە مەرجەکانی ئاگربەستە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئێران تاوتوێی داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز (کە پێش شەڕ پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی) لەگەڵ پەکخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی وەک بابول مەندەب دەکات، ئەم ڕاپۆرتەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە بڕی زیاتر لە شەش دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
سەرەڕای بوونی ئاگربەست، ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان و لە کۆتایی هەفتەدا قووڵترین دزەکردنی بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە لە ماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دا.
هاوكات بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە فەرمانی بۆ هێرشدا بۆ سەر باشووری بەیروت. لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیی ئێرانیشدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: "ئاگربەستی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، بێ گومان بە مانای ئاگربەستە لە تەواوی بەرەکاندا، بە بەرەی لوبنانیشەوە".