وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا، ئەندامانی باڵای کۆنگرێسی، لە دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە ئێران ئاگادارکردووە.
ماڵپەڕی یۆرۆنیوز بڵاویکردەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، چەند کاتژمێرێك پێش وتاری ساڵانەی دۆناڵد ترەمپ، کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ "گرووپی هەشت کەسی" کۆنگرێس ئەنجامداوە، ئەم گروپە لە ئەندامانی پلەبەرزی کۆنگرێس و لێژنە هەواڵگرییەکان پێکدێن، لەوکاتانەی کە ئەمریکا خۆی بۆ هەنگاوێکی سەربازیی گەورە و چارەنووسساز ئامادەدەکات، ئاگاداردەکرێنەوە.
کۆبوونەوە نهێنییەکە، نیگەرانیی لە ناو دیموکراتەکاندا دروستکردووە، چاک شومەر، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران، دۆخەکەی بە مەترسیدار ناوبرد و داوای کرد، حکومەت راستییەکان بۆ گەل ئاشکرا بکات.
هاوکات جیم هایمز، ئەندامی لێژنەی هەواڵگری رایگەیاند، هیچ هۆکارێک نیە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوایینجار، رۆژێک پێش ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، لەگەڵ گروپی هەشی کەسی کۆنگرێس کۆبوەتەوە.