لە ماوەی مانگی ئایاری ڕابردوودا هەرێمی کوردستان بە 21 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. بەمەش کۆی گشتیی ئەو هێرشانەی لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا لە 28ی شوباتەوە کراونەتە سەر هەرێم، نزیک دەبێتەوە لە 860 درۆن و مووشەک.
لە کۆی ئەو 21 هێرشەی مانگی ڕابردوو، 15 هێرشیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە و شەش هێرشی دیکەش ئاراستەی سنووری پارێزگای سلێمانی کراون. لە ئەنجامی یەکێک لە بۆردوومانەکانی سەر پارێزگای هەولێریش، نۆ پێشمەرگەی حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون.
کات و شوێنی سەرجەم هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان:
31ی ئایار: درۆنێک لە گوندێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بەر ماڵی هاووڵاتییەک کەوت، بەڵام زیانی گیانی نەبوو.
31ی ئایار: بە دوو مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانەی سەر بە پارێزگای هەولێر.
25ی ئایار: بە دوو درۆن بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە نزیک کەمپی دارەشەکران لە هەولێر بۆردوومان کرا و بە گوێرەی ڕاگەیاندنی سەرکردایەتیی حیزبەکە، نۆ پێشمەرگەیان بریندار بوون.
23ی ئایار: بە چوار درۆن بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر کرایە ئامانچ.
18ی ئایار: بە چوار مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناحیەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
10ی ئایار: بە سێ مووشەک بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانەی هەولێر بۆردوومان کرا.
6ی ئایار: بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سلێمانی.
6ی ئایار: بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی گردەچاڵ لە نزیک هەولێر.
2ی ئایار: بە درۆنێک هێرش کرایە سەر سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
ئاماری گشتیی قوربانیان و دابەشبوونی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە:
بە گوێرەی داتاکان، لە سەرەتای جەنگەکەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان بە 856 مووشەک و درۆن بۆردوومان کراوە، کە لە ئەنجامدا 20 شەهید و 135 بریندار تۆمار کراون.
دابەشبوونی هێرشەکان بە گوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 582 هێرش.
- پارێزگای سلێمانی: 243 هێرش.
- پارێزگای دهۆک: 29 هێرش.