نێت بلاکس ڕایگەیاند، سنوردارکردنی ئینتەرنێت لە ئێران گەیشتووەتە هەزار و 248 کاتژمێر و ئەمەش بە درێژترین ماوە لە سنوردارکردنی لە سەرانسەری جیهان دادەنرێت.
سایتی نێت بلاکس، کە چاودێری گرفتەکانی ئینتەرنێت لەسەرانسەری جیهاندا دەکات ڕایگەیاند، سنورداکردنی ئینتەرنێت لە ئێران کەوتووەتە ڕۆژی 53ـەمینی خۆیەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی کاریگەری ڕووخێنەر لە کەرتی ئابوریی و بواری کۆمەڵایەتیی لە وڵاتەکە.
پێشتر ئەفشین کولاهی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی "دانیش بونیان" لە ژووری بازرگانیی ئێراند ڕایگەیاندبوو، ڕۆژانە بەهۆی سنوردارکردنی ئینتەرنێتەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و بە بڕی 80 ملیۆن دۆلار زیان بەر ئابوریی وڵات دەکەوێت.
هاوکات، ڕێکخراوی هەرانا ڕایگەیاندووە، بەهۆی سنورداکردنی ئەنتەرنێت کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەڕووی دەروونییەوە زیانیان بەرکەوتووە و کەسوکارییان باسلەوە دەکەن زۆر زیاتر لە جاران گۆشەگیر بوون.
لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە حکومەتی ئێران هێڵی ئینتەرنێتی لەو وڵاتە سنوردارکردووە و فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتیش دەڵێت، تاوەکو ئاسایی بوونەوەی دۆخی ئەمنی وڵات هێڵەکانی ئینتەرنێت بە داخراوی دەمێنێتەوە.