ڕاستەوخۆ

ئاکپارتی نەخشەڕێگەی باخچەلی بۆ پڕۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکات

reset font size increase font size

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) خەریکی تاوتوێکردنی ئەو نەخشەڕێگەیەیە، کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)وە پێشکەش کراوە بۆ کاراکردنی دەوڵەت لە پرۆسەی ئاشتی دا. هاوکات دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا چاوەڕێی ڕێنمایی دەستەڵاتدارانی وڵاتەکەیانن بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'تورکیا'، ئەو نەخشەڕێگەیە لە بەرزترین ئاستی ئاکەپەدا تاوتوێ دەکرێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ماوەی ڕابردوودا لایەنە ئەمنییەکان، ئیمراڵی و قەندیل لەسەر هێڵ بوون بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەکە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، نووسینگەیەکی تایبەت بە هەڵسوڕانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لەناو کۆمەڵگەی زیندانی ئیمراڵیدا ئامادە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئۆجالان نەبراوەتە ئەو نووسینگەیە. پێشبینی دەکرێت لەم قۆناخە بەدواوە ڕێگە بە ئۆجالان بدرێت دیدار و چاوپێکەوتنی جیاواز بکات، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بزوتنەوەکەیەوە بکات.

پێشنیارەکەی باخچەلی بۆ پێدانی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بە ئۆجالان وەک 'ڕێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن' لەلایەن ئاکپارتییەوە بە 'گونجاو' بینراوە، بەڵام بە چەند مەرجێک. ئاکەپە پێش کۆنترۆڵکردن و پشتڕاستکردنەوەی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، بە گومانەوە هەنگاو دەنێت.

پسپۆڕانی یاسایی لە ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی سزای زیندانی هەمیشەیی ئۆجالانەوە، پێدانی 'پێگەی یاسایی' پێویستی بە یاسایە، بەڵام دەکرێت لەژێر ناونیشانی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی کار لەسەر پێشنیارەکەی باخچەلی بکرێت. بڕیاری کۆتاییش دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) دەبێت.

دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان لە 5ی ئایاری 2026 پێشنیاری کرد، کە ڕۆڵێک هاوشێوەی 'ڕێکخەری ئاشتی و بەیاساییکردن' بە ئۆجەلان بدرێت.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.