یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، دیمەنی دانپێدانانی سیخوڕێکی دەوڵەتی ئێرانی بە ناوی 'زانیار شێخە'ـی بڵاوکردەوە، کە دەستی هەبووە لە شەهیدکردنی فەرماندە سمکۆ کۆبانێ، هاوکات دووپاتی کردەوە، کە ناوبراو سزادراوە و هۆشداریشی دا بە سەرجەم ئەو کەسانەی هاوکاری داگیرکەران دەکەن.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە 19ی تەمموزی 2025، فەرماندە سمکۆ کۆبانێ لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی ڕژێمی ئێراندا شەهید کراوە. لە سەرەتادا وا دەزانرا هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە، بەڵام لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە, کە زانیار شێخە فەرماندەکەی بینیوە و ئەرکی گەیاندنی مینێکی پێ سپێردراوە.
یەرەکە دەڵێت: "زانیار شێخە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراواندا دانی بە کارەکانی و هاوکارییەکانی بۆ دەوڵەتی داگیرکەری ئێران ناوە و سزادراوە". جەختیشی لەوە کردەوە، لە سەرەتای شەهیدبوونی فەرماندەکەیانەوە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیان داوە و لە بەرانبەر هێرشە نامەردانەکان بێ وەڵام نامێننەوە.
یەرەکە هۆشداری دا بەو کەسانەی سیخووڕیی و هاوکاریی داگیرکەران دەکەن و ڕایانگەیاند: "ئەوانەی دەستیان بە خوێنی هەڤاڵانیان سوورە، هەمان چارەنووسی زانیار شێخەیان دەبێت".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی ئێران هەمیشە پەنا بۆ پیلانگێڕی دەبات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، بەڵام ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە ڕووی ڕەشی داگیرکەری ئاشکرا کرد".