بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری قامیشلۆدا، جیهان سەعید حەسەم، بەڕێوەبەری ناوچەی قامیشلۆ، لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و کارمەندانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆبووەوە و ئامادەکارییەکانی تایبەت بە ساڵیادی دامەزراندنی شارەکەی خستەڕوو.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گوێ لە پێشنیار و تێبینییەکانی کارمەندانی ڕاگەیاندن گیرا بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکانی سەدسالەیی قامیشلۆ. دوا بە دوای تەواوبوونی دانیشتنەکەش، بەڕێوەبەری ناوچەی قامیشلۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ساز کرد و وێڕای پیرۆزباییکردن لە خەڵکی شارەکە، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی شارەکەی ڕاگەیاند.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هەڵمەتی پاککردنەوەی شارەکە لە ڕۆژی پێنجشەممە 13ی ئاب کاتژمێر 08:00ی بەیانی لە چوارڕیانی سۆنییەوە دەست پێ دەکات. هەڵمەتەکە لەسەر سێ قۆناغ ڕێکخراوە و قۆناغی یەکەمی ماوەی سێ هەفتە دەخایەنێت.
لە کۆتاییدا جیهان سەعید حەسەم بانگەوازی ئاڕاستەی تەواوی دانیشتووان و دامودەزگاکانی شارەکە کرد کە هاوکار ببن و چالاکانە بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بڕەخسێنن.